باران بارین دەست پێدەکاتەوە و هەموو هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

1     کاتژمێر پێش ئێستا  249 جار خوێنراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی ناوەڕاست، لە دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆوە شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکان دەگرێتەوە و پلەی گەرماش نزم دەبنەوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، رۆژی پێنجشەممە، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە گشتی هەوری تەواو دەبێت. لە دوای نیوەڕۆوە بارانبارین سەرەتا لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک بە شێوەی نمەباران دەستپێدەکات، پاشان لە کاتەکانی ئێوارەدا کاریگەریی شەپۆلەکە فراوان دەبێت و تەواوی ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. لە کاتەکانی شەودا کاریگەریی شەپۆلەکە کەمێک لاواز دەبێت و تەنیا بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ دەمێنێتەوە.
 
لەبارەی کەشوهەوای سبەی هەینی، کەشناسی دەڵێت، ئاسمانی هەرێمی کوردستان بە ناجێگیری دەمێنێتەوە و نمەباران لە ناوچە جیاجیاکان بەردەوام دەبێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان. لە درەنگی شەوی هەینیدا کاریگەریی بارانبارینەکە زیاتر لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەمێنێتەوە و تاوەکو بەیانیی شەممە بەردەوام دەبێت.
 
ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی رایگەیاندووە: "کەشی بەهار زوو زوو دەگۆڕێت، بۆیە ئەم ناجێگیرییە ئاساییە. ئەمڕۆ تاوەکو ئێوارە کەشەکە ئاسایی دەبێت و شەو لە هەندێک شوێن نمەباران دەبارێت، بەڵام لە سەرەتای هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی دیکەی باران بارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکاتەوە."
 
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی بە پلەی سیلیزی:
 
هەولێر: 20 پلەی سیلیزی 
پیرمام: 14 پلەی سیلیزی
سۆران: 14 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی 
سلێمانی: 18 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ:  20 پلەی سیلیزی
دهۆک: 16 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 17 پلەی سیلیزی 
هەڵەبجە: 19 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 23 پلەی سیلیزی
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە