مەسعود بارزانی: پارتی بە ئێوە ناشكێت، چ لەناو هەرێم چ لە بەغدا
2 کاتژمێر پێش ئێستا
25 جار خوێنراوەتەوە
بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بە ئامادەبوونی مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی لە هەولێر بەڕێوەچوو.
مەسعود بارزانی جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنی ئێستا کردەوە، کە بە "نادادپەروەر" وەسفی کرد، هەروەها داوای کرد کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گەڕانەوە بۆ دەستوور چارەسەر بکرێن.
مەسعود بارزانی، گرنگیی هەڵبژاردنی دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە: "دەوڵەتی عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشیی کورد و عەرەب دامەزرا، بەڵام بەداخەوە، ئەو بنەمایە پەیڕەو نەکراوە.. بەداخەوە نەک نەبووینە هاوبەش، مافی هاووڵاتیشمان نەبوو. هاوبەشیی ئێمە بوو بە ئەنفال و کیمیابارانکردنی دێهاتمان".
مەسعود بارزانی رەخنەی توندی لە سیاسەتەکانی دوای ساڵی 2003 گرت: "دوای 2003 نانی ئەو ئەنفالکراو و کیمیابارانکراوانەیان بڕی.
" مەسعود بارزانی هیوای خواست: "ئومێدەوارم ئەم هەڵبژاردنە دەرفەتێکی نوێ بێنێتە پێش و ئەو هەڵانەی کراون، دووبارە نەکرێنەوە، چ لەلای ئێمەوە، چ لەلای ئەوان."
مەسعود بارزانیبە تایبەتی جەختی لەسەر پرسی پابەندبوون بە دەستوور کردەوە و وتی: "بەپێی دەستوور، عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە. دەبێت هەموو پێکهاتەکان هاوبەش بن. ئەگەر دەستوور جێبەجێ کرابا، زۆر لە کێشەکان چارەسەر دەبوون، بەڵام بەداخەوە پێوەی پابەند نەبوون".
مەسعود بارزانی، یاسای هەڵبژاردنی ئێستای بە یاسایەکی نادادپەروەر ناوبرد و داوای کرد: "دەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بگۆڕدرێت." هەروەها، لە بارەی کێشەی نەوت و گازی هەرێمەوە وتی: "ئەگەر کێشەیەک هاتووەتە پێش بۆ یاسای نەوت و گاز، خەتاکە لە بەغدایە. لێکدانەوەی هەڵە بۆ بەندەکانی دەستوور قابیلی قبووڵ نییە."
مەسعود بارزانی, ڕاشیگەیاند، عێراق لەسەر ئەو بنەمایە دامەزرا کە کورد و عەرەب هاوبەشن لەم وڵاتەدا، بەڵام نەوەک هەر نەبوینە شەریک، مافی هاوڵاتیشیمان نەبو، دەشڵێت، "هەمو جارێك كە بەرەو هەڵبژاردن دەچین، پلانگێڕی لە دژی پارتی دەستپێدەكاتەوە. پارتی بە ئێوە ناشكێت، چ لەناو هەرێم چ بە هاوپەیمانی مەجموعەیەك لە بەغدا".
|