وتەبێژی یەکێتی: دەستخۆشی لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم دەکەین
12 کاتژمێر پێش ئێستا
124 جار خوێنراوەتەوە
وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، "دەستخۆشی لەهەوڵەکانی بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین و خۆشحاڵین بە هەواڵی کۆتایهێنان بە ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی".
لە راگەیێندراوێکدا، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، "خۆشحاڵین کە راگەیاندنی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان لە کاتێکدایە کە بە فەرمی ناوی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەگۆڕدرێت بە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەلال تاڵەبانی".
وتەبێژی یەکێتی هەروەها دەڵێت، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەکو پیادەکاری شاڕێی خەباتی دیموکراسی و ئاشتی، بێوچان تێدەکۆشێت بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکەش. ئەم میراتە مێژووییەی یەکێتی و هەوڵە دیپلۆماسییەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی و کردنە سەکۆی سلێمانی بە مەیدانی بە کرداریکردنی پڕۆسەی ئاشتی، نەخشەڕێگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوون".
ئێوارەی پێنجشەممە (9ـی تشرینی یەکەمی 2025)، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ئەنقەرە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی کۆماری تورکیا کۆبووەوە، و لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی و لەسەر رەزامەندی و راسپاردەی ئەردۆغان ئابڵووقەی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵگیرا.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆککۆماری تورکیای کرد و رایگەیاند، "ئهم بڕياره له چوارچێوهى پهيوهندييه پتهوهكانى ههرێمى كوردستان و كۆمارى توركيادا دێت كه دڵنياين يارمهتيدهر و هاوكار دهبێت بۆ برهودانى زياتر به هاريكاريى هاوبهش و له بهرژهوهنديى ههردوولا و بهتايبهتى له بهرژهوهنديى هاووڵاتيانماندا له سنوورى سلێمانى دهبێت".
بۆ یەکەم جار تورکیا لە 3ـی نیسانی 2023، ئاسمانی وڵاتەکەی بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا داخست، بە پاساوی زیادبوونی چالاکییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنوورەکە. رووداوەکە دوای ئەوە هات کە رۆژی دووشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، تورکیا راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە.
|