پۆستێکی ترەمپ کاریگەریی لەسەر بازاڕە جیهانییەکان دانا
3 کاتژمێر پێش ئێستا
35 جار خوێنراوەتەوە
پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی، کە تێیدا رایگەیاند، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە پێناسی گومرکی بە رێژەی 100% بەسەر کاڵای هاوردەکرداو لە چینەوە دەسەپێنێت، بازاڕەکانی جیهانی شڵەژاند.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی، "هەر ئێستا زانیم چین هەڵوێستێکی نائاسایی تووندی گرتووەتەبەر لە کاروباری بازرگانیدا بە ناردنی نامەیەکی زۆر دووژمنکارانە بۆ جیهان و رایگەیاندووە، لە 01-11-2025ـەوە کۆنترۆڵی بەرفراوان دەسەپێنێت بەسەر هەناردەکردنی هەموو ئەو بەرهەمانەی دروستی دەکەن، هەندێکیشیان کە تەنانەت لەلایەن ئەوانیشەوە دروست نەکراون. ئەمە کاریگەریی لەسەر هەموو وڵاتان دەبێت، بێ هیچ جیاوازییەک و پلانێکە کە ساڵانێک پێش ئێستا داڕێژراوە. ئەمە بە تەواوی لە بازرگانیی نێودەوڵەتیدا دەگمەنە و مایەی شەرمەزارییەکی گەورەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا."
ترەمپ ئاماژە بەوەشدەکات، "لەبەر ئەوەی چین ئەم هەڵوێستە سەیرەی گرتووەتەبەر.. لە 01-11-2025ـەوە ئەمریکا پێناسی گومرکی 100% زیاتر لە پێناسەکانی ئێستا بەسەر چیندا دەسەپێنێت، هەروەها لە 1ی مانگی 11وە هەناردەکردنی هەر سۆفتوێر و بەرنامەیەکی کۆمپیوتەریی هەستیار کۆنترۆڵ و سنووردار دەکەین."
چەندین مانگە بازاڕی بۆرسەی ئەمریکا سەقامگیریی پێوە دیارە. پۆستەکەی سەرۆکی ئەمریکا بەس بوو بەهای پشکی کۆمپانیاکان داڕمێنێت. پێنوێنی (S&P 500) کە هێمای بەهای پشکەکانی 500 گەورە کۆمپانیای ئەمریکییە، بە رێژەی 2.1% دابەزی. پێنوێنی پیشەسازیی داوجۆنز بە رێژەی 1.4% و پێنوێنی ناسداکیش کە نوێنەرایەتیی بەهای کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆجیا دەکات، بە رێژەی 2.8% رووبەڕووی دابەزینی گەورە بووەوە.
ئەم زیانە گەورەیە یەکسانە بە نزیکەی 1 تاوەکو 1.2 تریلیۆن دۆلار، کە لە گیرفانی کۆمپانیاکان دوێنێ شەو چووە دەرەوە.
رۆژی پێنجشەممە حکومەتی چین کۆنترۆڵی نوێی بەسەر هەناردەکردنی کانزا دەگمەنەکان و تەکنەلۆژیا پەیوەندیدارەکانی راگەیاند. ئەو کانزایانە بە زۆریی لە تەکنەلۆژیا بەرز و سەربازییە گرنگەکان بەکاردێن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بڕیار بوو دوو هەفتەی دیکە لە کۆریای باشوور، سەرۆکی ئەمریکا و سەرۆکی چین کۆببنەوە.
ئەو بڕیارە کە وەزارەتی بازرگانیی چین بڵاویکردووەتەوە، داوا لە کۆمپانیا بیانییەکان دەکات مۆڵەتی تایبەت وەربگرن بۆ هەناردەکردنی ئەو کاڵایانەی تەنانەت بڕێکی کەمیش لە کانزا دەگمەنەکانی تێدایە و سەرچاوەکەیان چینە، تەنانەت ئەگەر ئەو بەرهەمانە لە شوێنێکی دیکە لەلایەن کۆمپانیا بیانییەکانەوە دروستکرابن.
کانزا دەگمەنەکان لە چەندین بەرهەمی گرنگ و هەستیاری پیشەسازییدا پێویستن، وەک لە بزوێنەری فڕۆکە و سیستمی ڕادار و ئۆتۆمبێلی کارەبایی، لاپتۆپ و مۆبایل.
چین نزیکەی 70%ی کانزا دەگمەنەکانی جیهان بەرهەمدەهێنێت. دەستگەیشتن بەو جۆرە کانزا دەگمەنانە خاڵێکی سەرەکی گفتوگۆ و رێککەوتنە کاتییەکانی نێوان واشنتن و پەکین بووە.
جگە لە بازاڕی پشکی کۆمپانیاکان، بازاڕەکانی دیکەی وەک زێڕ و نەوتیش کاریگەری پۆستەکەی ترەمپیان پێوەدیارە.
نرخی زێڕ کە رۆژی هەینی دابەزی بوو بۆ ئاستی 3845 دۆلار، لە دوای پۆستەکەی ترەمپ ئاراستەی بەرزبوونەوەی گرتەبەر و گەیشتەوە نزیکەی 4012 دۆلار.
بازاڕی نەوت، یەکێکی دیکە لەو بازاڕانەی کە بە تەواوی ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر.
نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساس رۆژی هەینی بە رێژەی 4٪ و زیاتر لە 2.5 دۆلار دابەزین.
هۆکارەکەشی زۆر روونە؛ دەستپێکردنەوەی شەڕی بازرگانی لەنێوان یەکەم و دووەم زلهێزی ئابووریی جیهان، ئابووری جیهان سست دەکاتەوەوە و خواست بۆ نەوت و سووتەمەنی کەمدەکاتەوە.
بازاڕی نەوت پێشتر بەهۆی ئاگربەستەکەی غەززە و و زیادەی بەرهەم، خۆی هەر لە ژێر گوشاردابوو، بەڵام پۆستەکەی دۆناڵد ترەمپ، هێندەی دیکە بازاڕی نەوتی لاوازکرد.
بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوەکان (فۆرێکس)ـیش بەدەر نەبوو لە کاریگەرییەکانی پۆستەکەی ترەمپ.
لە دوای چوار رۆژ دابەزینی بەردەوام، دواجار بەهای یۆرۆ بەرامبەر دۆلار رۆژی هەینی بەرزبووەوە.
تووندبوونەوەی شەڕی بازرگانی نێوان ئەمریکا و چین، رۆژی هەینی پێنوێنی دۆلاری دابەزاند و بەهای یۆرۆی لە بەرامبەر دۆلار بەرزکردەوە بۆ نزیکەی 1.16 دۆلار.
|