ئەمریکا سزای بەسەر سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراقدا سەپاند

12   کاتژمێر پێش ئێستا  104 جار خوێنراوەتەوە

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە سزاکانی پەیوەست بە ئێرانی تووندتر کردەوە و کۆمپانیایەکی پەیوەست بە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق و سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی عێراقی کردە ئامانج.
 
لە راگەیێنراوێکدا، وەزارەتی گەنجینە ئەو گرووپە چەکدارانەی بە یارمەتیدانی "رژێمی ئێران لە خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا، قاچاخچێتیی چەک و تێوەگلان لە گەندەڵیی بەرفراوان لە عێراقدا،" تۆمەتبار کرد و بە بەرپرسیاری کوژرانی "کارمەندانی" ئەمریکیی زانی.
 
سزاکان کۆمپانیایەکیشیان گرتەوە کە وەزارەتی گەنجینە رایگەیاندووە لەلایەن کەتائیبی حیزبوڵڵاوە دروست کراوە، کە گرووپێکی چەکداریی بەهێزی عێراقییە و لەلایەن ئەمریکاوە وەک "رێکخراوێکی تیرۆریستی" ناسێنراوە.
 
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند: "گرووپە چەکدارەکان بە چالاکی ئابووریی عێراق تێکدەدەن، لە رێگەی گەندەڵییەوە سەرچاوەکان قۆرخ دەکەن و رێگری لە پێکهێنانی حکومەتێکی کارای عێراقی دەکەن کە ناوچەکە ئارامتر بکات."
 
هەروەها سزای بەسەر عەقیل موفتن، سەرۆکی لیژنەی نیشتمانیی ئۆڵۆمپیی عێراقدا سەپاند و بە بەڕێوەبردنی بانکێکی بازرگانیی عێراقی کە پەیوەستە بە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە، تۆمەتباری کرد.
 
وەزارەتی گەنجینە رایگەیاند، عەقیل موفتن و عەلیی برای، "پەیوەندیی نزیکیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەواڵگریی سوپای پاسداران هەیە و یارمەتیی دروستکردن و گواستنەوەی پارە دەدەن بۆ ئەو گرووپە چەکدارانەی لە عێراقدا پشتیوانیی فەیلەقی قودس دەکەن."
 
ئەم سزایانە دوای خولێکی دیکەی سزاکان دێن کە رۆژی پێنجشەممە بەسەر دەیان کۆمپانیا و کەشتیدا سەپێنرابوون کە لە هەناردەکردنی گازی شلی ئێراندا تێوەگلابوون.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە