هاکان فیدان: رەنگە ئاگربەست بۆ 40 رۆژی دیکە درێژبکرێتەوە
2 کاتژمێر پێش ئێستا
209 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایدەگەیێنێت، سەرەڕای هەڵوێستە تووندەکانیان، ئەمریکا و ئێران لە پرسی ئاگربەست رژدن و ئەگەری درێژکردنەوەی بۆ 40 رۆژی دیکە هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات کە بەریتانیا و فەرەنسا پێشنیازی ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتییان بۆ تەنگەی هورمز کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئێران و ئەمریکا بە هەڵوێستی تووندەوە دەستیان بە دانوستاندنەکان کرد، بەڵام هەردوولا لەسەر ئاگربەست رژدن.
"پێموایە ئەمریکا و ئێران لە پرسی ئەتۆم و یۆرانیۆم ناگەنە ئەنجام"
هاکان فیدان وتیشی: "بەمنزیکانە وەڵامی یەکدی دەدەنەوە و رەنگە گەڕێکی دیکەی دانوستاندن دەستپێبکات. ئەگەر لایەنەکان نەرمی بنوێنن، رەنگە ئاگربەست بۆ 40 رۆژی دیکە درێژ بکرێتەوە." بەڵام فیدان پێیوایە لە بابەتی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم ناگەنە ئەنجام.
سەبارەت بە تەنگەی هورمز، وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە ناکرێت تەنگەکە بە داخراوی بمێنێتەوە و وڵاتێک باج بەسەر کەشتیوانیدا بسەپێنێت.
پێشنیازی هێزی نێودەوڵەتی بۆ تەنگەی هورمز و قبووڵکردنی لەلایەن ترەمپەوە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکرای کرد، بەریتانیا و فەرەنسا پێشنیازی ناردنی هێزێکی نێودەوڵەتییان بۆ تەنگەی هورمز کردووە بۆ پاراستنی بازرگانیی دەریایی و هەناردەی نەوت و گاز.
فیدان دەڵێت: "ترەمپ ئەم پێشنیازە پەسەند دەکات، بەڵام ئەورووپا و وڵاتانی دیکە نایانەوێت ببنە بەشێک لەم جەنگەی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کرد، گوشارێکی زۆری نێودەوڵەتی هەیە بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز بەهۆی کاریگەرییە گەورەکانی لەسەر ئابووریی جیهان. "ئەم قەیرانە دەبێت چارەسەر بکرێت، جا چ ئاگربەست بکرێت یان جەنگ بەردەوام بێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فیدان رەخنەی لە رەفتارەکانی ئیسرائیل گرت و رایگەیاند، تەلئەبیب سەرخان و ژێرخانی باشووری لوبنانی کردووەتە ئامانج و یەک ملیۆن کەسی ئاوارە کردووە.
هۆشداریشی دا کە ئیسرائیل دەیەوێت هەمان کار لە سووریا بکات، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تورکیا. راشیگەیاند: "ئیسرائیل بە پاساوی ئاسایشی نیشتمانی، خاکی وڵاتان داگیر دەکات و پاوانخوازی دەکات."
سەبارەت بە بارودۆخی ناوخۆیی لوبنان، وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد سوپای لوبنان توانای چەکداماڵینی حیزبوڵڵای نییە، بۆیە هەمیشە رووبەڕووی کێشەی ناوخۆیی و دەرەکی دەبێتەوە. ئاشکراشی کرد کە لوبنان بەشێک بوو لە دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکا، بەڵام نەتەنیاهوو شکستی بەو هەوڵە هێنا و ئەمریکاش بێدەنگ بوو.
|