پلانی هێرشێکی ٥٠ هەزار کەسی بۆ سەر کوردانی رۆژئاوا ئاشکرا دەبێت
5 کاتژمێر پێش ئێستا
17 جار خوێنراوەتەوە
میدیا جیهانییەکان پلانی هێرشی گرووپە میلیشیاکانی سەر بە دەسەڵاتەکەی ئەحمەد شەرع ئاشکرا دەکەن کە هەزاران چەکداریان بۆ هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان کۆ کردووەتەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان گرژییەکانی نێوان حکومەتی نوێی سووریا لە دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئاماژەکان بۆ ئەگەری هەڵگیرسانی پێکدادانێکی سەربازیی بەرفراوان زیاتر بوون.
ڕۆژنامەی "The National"، لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە، پلانێکی سەربازیی وردی ئاشکرا کردووە تیایدا گرووپە چەکدارەکانی ئەحمەد شەرع ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرشکردنە سەر پارێزگاکانی ڕەققە و دێرەزوور.
پلانەکە هاوشێوەی ئەو پلانە دەبێت کە هێرش کرایە سەر پارێزگای سوەیدا و درووزەکان کە دەیان خێزانی درووزی تێیدا کۆمەڵکوژکران.
بە گوێرەی پلانەکە، هێزێکی گەورە بە قەبارەی ٥٠ هەزار چەکدار لە نزیک شاری تەدمور کۆدەکرێتەوە، بە ئامانجی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێک پێش مانگی ١٠ ئەمساڵ.
ئەم پلانە بەشێکی زۆری پشت بەوە دەبەستێت کە هۆزە عەرەبییەکانی ناوچەکە، کە بەشێکیان لە ڕیزەکانی هەسەدەدان، لە کاتی هێرشەکەدا لایەنگری خۆیان بگۆڕن و بچنە پاڵ گرووپە چەکدارەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لەسەدا ٣٠ی هێزەکانی هەسەدە لە چەکدارانی سەر بە هۆزە عەرەبەکان پێکهاتوون.
هاوکات، چاوەڕوان دەکرێت گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بەرەیەکی دیکەی شەڕ لە ناوچەکانی تەبقا و بەنداوی تشرین بکەنەوە بۆ زیاتر پەرتەوازەکردنی هێزەکانی هەسەدە.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی "Al-Monitor" بڵاویکردووەتەوە ڕێککەوتنی پێشووی نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانیان لە چوارچێوەی سوپایەکی نیشتمانیدا، ڕووبەڕووی شکست بووەتەوە.
فشارەکانی تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکییان گێڕاوە لە تێکدانی دانوستانەکان و هاندانی دیمەشق بۆ گرتنەبەری ڕێکاری سەربازی دژی رۆژئاوای کوردستان.
هەرچەندە هێرشە بەرفراوانەکە هێشتا دەستی پێنەکردووە و بە گوێرەی زانیارییەکان ئەنجامدانی بەندە بە هەڵکردنی گلۆپی سەوزی ئەمریکییەکان، بەڵام کۆکردنەوەی هێز، پچڕانی گفتوگۆ سیاسییەکان، و بەردەوامیی پێکدادانە سنووردارەکان لە بەرەکانی منبج و دێر حافر، دۆخێکی زۆر ناسەقامگیریان دروست کردووە.
لە بەرامبەردا، هەسەدە بەردەوام جەخت لەسەر ئامادەیی تەواوی هێزەکانی بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژییەک دەکاتەوە کە بکرێتە سەریان.
|