ئایا خواردنی نان دەبێتە هۆی قەڵەوی؟

13   کاتژمێر پێش ئێستا  61 جار خوێنراوەتەوە

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردودا  بەردەوام باس له زیانەکانی نان دەکرێت وەک هۆکارێکی سەرەکی قەڵەوی و نەخۆشیەکانی تر، وای لێهاتوە کە مرۆڤ بەردەوام بە ترسەوە لە نان بڕوانیت و بە گومانەوە بیخوات یان گەر بتوانێت وازی لێبهێنت.

دكتۆر کامەران ڕیسوڵ ژاژڵەیی، پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک زانیارییەكانی لەوبارەیەوە خستوەتەڕو:

1. ئەو زیانانەی کە باس کراون بریتین لە زیانەکانی ئاردی سپی واتە ئاردی سفر و  هەمو پسپۆڕان کۆکن لە سەر ئەوەی کە پێویستە نان لە ئاردی بۆر دروستبکرێت، چونکە  ئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلیین دەکرێت و هەر سێ پێکهاتوەکانی گەنمی تێدایە لە کاتێکدا ئاردی سپی تەنها لە (Endosperm) دروستدەکرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نییە.

2. نان  بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نییە واتە بە تەنها نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆری کێش،  بەڵام نانێک کە لە ئاردی سپی دروست کرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ،  هەروەها بە هۆی کەمی ماددە ڕیشاڵیەکان و بەرزی (glycemic index ) ئەگەری توشبون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات، ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆ و ئاردی بادام باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسیەتی دەکات. 

3. بڕی ڕێگەپێدراو ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی  بریتیە لە (178  گرام)،  بەڵام  ئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە  دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی دو نانی بازاڕ،  بەڵام  لە یادمان نەچێت کە خۆراکی تری وەک پیتزا  و کێک و ئیشی هەویر و پسکیت ئارد هەیە. 

4. لە کوردستانی باشور نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێ دەخورێت کاتێك کە گەرم بێت و نانی تیری و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت. 

5. ڕێژەیەکی دیاری کراو  لە دانیشتوان ماددەی گلوتینی ناو گەنم و جۆیان پێ ناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی (%7) دانیشتوان ئەم حاڵەتەیان هەیە، واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیان نییە و ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە.

6. بونی ڕەشکەو شمڵی و تۆوەکانی تر  لە ناو نانی ئاردی بۆر سودەکانی زیاد دەکات، هەروەها بە کارهێنانی خومرە لە بری سۆددە  بژاردەیەکی زۆر تەندروستە. 

7. گرنگترین هۆکاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی لەش لە کالۆری لە ڕۆژێكدا، خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهێدراتی ساددەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی  و شەکری دروستکراو وشیرینی بڕێکی زۆر لە کاربی تێدایە، لە هەمان کاتدا دەبێتە هۆی زو برسی بونەوە، بەڵام ماددە پڕۆتینەکان ماوەیەکی زۆر زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر مرۆڤەکە برسی دەبێتەوە ، کەس نییە بە نان و ماست یا نان و تەماتە قەڵەوبێت  بەڵکو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی ڕۆژەکە  پێویستە هەژمار بکرێت.

8. لە کۆتایی دا  کاتی ئەوە هاتوە کە نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەمونی  ئاردی سپی بخورێت ڕۆژانە. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە