باشترین کات بۆ خواردنەوەی ئاو لە ڕۆژدا کەیە؟

2025-06-12  68 جار خوێنراوەتەوە

مێگان لیۆن، پسپۆڕی خۆراکی لە بابەتێکدا کە بۆ گۆڤاری نیوزویکی نوسیوە دەڵێت: گرنگە ڕۆژەکەت بە خواردنەوەی بڕی پێویست لە ئاو دەستپێبکەیت.

مێگان لیۆن، دەڵێت؛ “سەرنجم داوە زۆرێک لەو کەسانەی دێنە کلینیکەکەم، وایان پێگونجاوە ئاو لە نیوەڕۆدا بخۆنەوە، بەڵام بەیانیان، یان قاوە دەخۆنەوە یان هیچ ناخۆنەوە”.

ئەو پسپۆرە دەڵێت؛” پێویستییەکی حەتمییە ئەگەر کەسێک ٨ کاتژمێری بەردەوامی خەوتنی هەبووبێت کاتێکی زۆرە بەبێ نوێبوونەوە، بۆیە دەتوانیت یارمەتی جەستەت بدەیت بە خواردنەوەی بڕێک ئاو لە کاتی هەستان لە خەو واتە بەیانیان”.

ڕوونیشی کردەوە پێویستە “بەیانیان زۆرترین ئاو بخۆینەوە، چونکە گورچیلە و جگەر بە درێژایی شەو کارێکی نایاب دەکەن بۆ لابردنی ژەهر لە هەموو ئەو خۆراک و ماددانەی کە بە درێژایی ڕۆژ دەچنە ناو لەشەوە”.

لە درێژەی نوسینەکەیدا دەڵێت “خواردنەوەی پەرداخێک قاوە پێش خواردنەوەی ئاو لە بەیانیاندا دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی زیاتر، “من دەڵێم ئاو پاشان قاوە”، واتا ڕۆژەکەت بە خواردنەوەی ئاو دەستپێبکە “.

ئاماژەی بەوەشکردووە، هەستکردن بە تینوێتی لەکاتی بەئاگابوونەوەدا شتێکی ئاساییە، چونکە جەستە بڕێکی زۆر ئاو لەدەست دەدات لەڕێگەی هەناسەدان و ئارەقکردنەوە، بۆیە لەبری ئەوەی بەدوای پەرداخێک قاوەی دڵخوازتدا بگەڕێیت، پێویستە سەرەتا پەرداخێک ئاو بخۆیتەوە.

لیۆن دەڵێت: “ئاو زۆر گرنگە بۆ باشترکردنی ئاستی وزە و تەندروستی پێست و هەرسکردن، دەشتوانێت ئازاری جومگەکان کەم بکاتەوە “. 

پێشنیاریش دەکات، ؛ پەرداخێک ئاو لەکاتی خەبەربوونەوەدا، پەرداخێک لەگەڵ هەریەک لە سێ ژەمە سەرەکییەکە، پەرداخێک پێش وەرزش و دوای وەرزشکردنیش و پەرداخێک، ناو بەناو بە دەم کارەوە یەک تا دوو پەرداخی ئاوی دیکە دەتگەیەنێت بە خواردنەوەی هەشت پەرداخ ئاو لە ڕۆژێکدا.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە