لاهور شێخ جه‌نگی: بۆ مافی خه‌ڵك ناچارده‌بین بیر له‌شێوازی دیكه بكه‌ینه‌وه
2025-07-24
309 جار خوێنراوەتەوە
لاهور شێخ جه‌نگی سه‌رۆكی به‌ره‌ی گه‌ل هۆشداری له‌باره‌ی گرتنه‌به‌ری رێگاچاره‌سه‌ری ده‌ره‌وه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانی ده‌دات و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ر یه‌كه‌و كلكی به‌شوێنێكی دیكه گرێدرابێت و ئاماده‌ی به‌شداریكردنی هیچ پرۆژه‌یه‌ك نه‌بن دژ به‌م هه‌مو نادادیه، ئێمه‌ومانان ناچار ده‌بین كه بیر له شێوازی دیكه بكه‌ینه‌وه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك".
لاهور شێخ جه‌نگی بڵاویكرده‌وه، ئه‌مڕۆ له شاری سلێمانی له‌گه‌ڵ یان برایم كونسوڵی گشتی فڕه‌نسا له هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆمانكرد له‌باره‌ی دۆخی گشتی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه، پرسی گۆڕانكارییه‌كان و كاریگه‌رییه‌كانی تاوتوێكران.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، "باسمان له بابه‌تی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد، كه ناكرێت هه‌ردو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار به‌مجۆره بێ‌باك بن و داهاتوی هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه مه‌ترسییه‌وه له‌پێناو ڕێكنه‌كه‌وتنیان له‌سه‌ر پۆسته وه‌زاریه‌كان".
لاهور شێخ جه‌نگی ده‌شڵێت، "جه‌ختمانكرده‌وه له‌سه‌ر پێویستی چاره‌سه‌ری ریشه‌یی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا، به‌تایبه‌ت كێشه‌ی موچه‌ی موچه‌خۆرانی هه‌رێم، مانه‌وه‌ی كێشه‌كان به‌مجۆره وا له هه‌مو دڵسۆزانی ئه‌م نیشتیمانه ده‌كات كه به‌دوا ڕێگه‌چاره‌سه‌ری دیكه له‌ده‌ره‌وه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌نی و خه‌باتی په‌رله‌مانی بكه‌ینه‌وه، چونكه له‌كاتێكدا كه ده‌سه‌ڵات به‌مجۆره بێ‌باك بێت و به‌داخه‌وه‌ش هێزه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن هه‌ر یه‌كه‌و كلكی به‌شوێنێكی تر گرێدرابێت و جگه له قسه‌ی بێكردار به‌یه‌كه‌وه ئاماده‌ی به‌شداریكردنی هیچ پرۆژه‌یه‌ك نه‌بن دژ به‌م هه‌مو نادادیه، بۆیه ئێمه‌ومانان ناچار ده‌بین كه بیر له شێوازی دیكه بكه‌ینه‌وه بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك و بون به به‌دیلی ئه‌وه‌ی كه له‌ئێستادا له‌سه‌ر ئه‌رزی واقع داهه‌یه".
باسی له‌وه‌شكردوه، "له ته‌وه‌رێكی دیكه‌دا باسمان له هه‌ڵبژاردنی داهاتوی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرد، ره‌خساندنی زه‌مینه‌یه‌كی له‌بار و گونجاومان به‌پێویست زانی بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد، ئه‌گه‌ر نا وه‌ك به‌ره‌ی گه‌ل ئاماده‌ی به‌شداریكردنێكی دوباره دیزاینكراو نابینه‌وه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه هه‌مو ئاماده‌كاریه‌كیشمان ئه‌نجامداوه له ئێستادا".
|