روانگەی ئابوریی عیراق: بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم بەرزدەبێتەوە
21 کاتژمێر پێش ئێستا
239 جار خوێنراوەتەوە
چاوەڕواندەكرێت لە مانگی داهاتوودا رێژی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزببێتەوە، لە كاتێكدا لە ئێستادا كەمتر لە 85 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرهەمدەهێنرێت.
روانگەی ئابوریی عیراق لە راپۆرتێكدا رایدەگەیەنێت: "لەدوای ئەوەی بەهۆی هێرشە درۆنییەكانەوە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێم بۆ 81 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە كەمبووەوە، لەئێستادا دۆخەكە بەرەو ئاساییبوونەوە دەڕوات و بەرهەمهێنان گەیشتووەتە 120 هەزار بەرمیلی رۆژانە".
راشیگەیاندووە: "پێشبینیدەكرێت تا كۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ، بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 280 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بەرزبێتەوە".
روانگەی ئابوریی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە: "تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگای بۆرییەوە دیارینەكراوە و هیچ رێككەوتنێكیش لەوبارەیەوە نەكراوە".
ئەوەەش لە كاتێكدایە، تەنها لەم مانگەدا زیاتر لە 20 هێرشی درۆنی كراونەتەسەر كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش بەرهەمهێنانی نەوتی لە كیڵگە نەوتییەكان بەرێژەیەكی بەرچاو نزمكردووەتەوە، چاوەڕوانیش دەكرێت لەمانگی ئایندەدا بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان ئاسایی ببێتەوە.
|