پارەی مووچە لە عێراق 6% زیادی کردووە، داهات 29% کەمی کردووە
2025-08-15
137 جار خوێنراوەتەوە
بەراورد بە پار، ئەمساڵ پارەی مووچە لە عێراق زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار زیادی کردووە، واتە بە رێژەی 6.4%، لەکاتێکدا داهاتی نانەوتی 29.5% کەمی کردووە.
ئەو جیاوازییە لە بەراوردکردنى راپۆرتى وەزارەتى دارایی عێراقە بۆ خەرجى و داهاتى 6 مانگى یەکەمى ئەم ساڵ بەهەمان ماوەى پار.
خەرجی 1.5 تریلیۆن دینار کەمی کردووە
بەراورد بە 6 مانگی سەرەتای 2024، خەرجی لە 6 مانگی یەکەمی ئەمساڵ 1.5 تریلیۆن دینار کەمی کردووە، لە 6 مانگی یەکەمی 2024 خەرجی 58.2 تریلیۆن دینار بووە و لە هەمان ماوەی ئەم ساڵدا 56.7 تریلیۆن دینار بووە.
6 مانگی یەکەمی پار خەرجی وەبەرهێنان 5.8 تریلیۆن دینار بووە، بەڵام 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ 3.9 تریلیۆن دینار بووە، بەم پێیە ئەو خەرجییە 1.9 تریلیۆن دینار کەمی کردووە.
مووچە 6.4% زیادی کردووە
لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ، بڕی ئەو پارەیەی بۆ مووچە و چاودێریی کۆمەڵایەتی خەرجکراوە 43 تریلیۆن و 90 ملیار و 302 ملیۆن و 31 هەزار دینار بووە، لەکاتێکدا پار لە هەمان ماوەدا ئەو خەرجییە 40 تریلیۆن و 433 ملیار و 998 ملیۆن و 412 هەزار دینار بووە.
بەم پێیە ئەم ساڵ خەرجیی مووچە بەراورد بە پار، دوو تریلیۆن و 656 ملیار و 313 ملیۆن و 796 هەزار دینار زیادی کردووە، کە دەکاتە 6.4%.
داهات 29.5% کەمبووەتەوە
داهاتی نانەوتی بەراورد بە پار لە عێراق کەمی کردووە، لە 6 مانگی یەکەمی 2024 داهاتی نانەوتی 7 تریلیۆن و 118 ملیار و 703 ملیۆن دینار بووە، لەکاتێکدا هەمان داهات لە 6 مانگی یەکەمی ئەم ساڵ چوار تریلیۆن و 951 ملیار و 282 ملیۆن دینار بووە، کە دوو تریلیۆن و 167 ملیار و 421 ملیۆن دینار کەمی کردووە.
بەراورد بە 6 مانگی یەکەمی پار، داهاتی نانەوتیی عێراق لە هەمان ماوەی ئەمساڵدا 29.5% کەمی کردووە.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابووریی عێراق بە میدیاکانی راگەیاند، کەمبوونەوەی داهاتی نانەوتی پەیوەندیدارە بە دەستخستنی باج و گومرگ، کە لەبری ئەوەی وەک ئەو پلانەی حکومەت دایناوە بگاتە 20%ـی تێکڕای داهات، کەمبووەتەوە بۆ 8%.
نەبیل مەرسومی ئاماژەی بەوەدا، بەگوێرەی پلانی خشتەی بودجە، دەبێت ئەم ساڵ تەواوی داهاتی نانەوتی بگاتە 27 تریلیۆن دینار، بەڵام لە نیوەی ساڵدا 4.9 تریلیۆن بووە، ئەوەش کێشەى کورتهێنانی بودجە قووڵتر دەکاتەوە.
|