مەسرور بارزانی: هێزێکی نامۆ هەیە گەنجان هان دەدات کۆچ بکەن

2025-10-05  301 جار خوێنراوەتەوە

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەگەر بە پێداگری و متمانەبەخۆبوونی گەلەکەمان نەبووایە، ئەستەم بوو بگەینە ئەم قۆناخە لە پێشکەوتن". باسی لەوەش کرد، "هێزێکی نامۆ" گەنجان هان دەدات وڵاتەکەیان جێبهێڵن.
 
مەسرور بارزانی لە تێدئێکس نیشتمان قسەی بۆ گەنجان کرد، وتی، "هەموو لایەک هەوڵیان دا پاشگەزمان بکەنەوە و ئاستەنگ و ئاڵنگاریی زۆریان دروستکرد، بودجەیان بڕی، کێشەی سیاسی و ئەمنییان بۆ دروستکردین، بەڵام توانیمان رووبەڕووی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە ببینەوە و نەک تەنیا ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین، بەڵکو هەنگاو بەرەو ئایندەی گەشتر بهاوێژین و لە چەندین بواردا توانیمان سەرکەوتن بەدەست بهێنین".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان داوای لە گەنجان کرد "وڵاتەکەی خۆیان خۆشبوێ" و گوتی: "کاتێک هاتمە ئێرە دوو گەنج رێگەیان لێگرتم گوتیان 'دوو ئامۆژگاریمان بکەیت چی دەڵێیت؟ منیش پێمگوتن، وڵاتەکەتان خۆشبوێ و بڕواتان بە خۆتان هەبێت".
 
مەسرور بارزانی باسی لە کۆچی گەنجان کرد و رایگەیاند، "هێزێکی نامۆ" هەیە هانیان دەدات روو لە هاندەران بکەن و وڵاتی خۆیان جێبهێڵن، بڕوایان بە وڵاتیان نەمێنێ. پەیامی بۆ ئەو کەسانەیش هەبوو ئەو کارە دەکەن: "گەنجەکانمان زیاتر لە هەموو کەسێک زیاتر قەدری ئەم خاکە دەزانن، چونکە دەزانن بست بە بستی ئەم خاکە شوێنی شەهیدەکانمانە و بست بە بستی ئەم خاکە پیرۆزە".
 
لەبارەی کەرتی کشتوکاڵ، مەسرور بارزانی وتی، "کارێکی وامان کرد جووتیارەکانمان جارێکی دیکە بۆ زەوییەکانیان بگەڕێنینەوە و بەرهەمی ناوخۆیی کوردستان بە ئاستێک بگەیێنین، بۆ دەرەوەش هەناردەی بکەین. بۆ یەکەم جار بەرهەمی کوردستان بۆ دەرەوە هەناردە کراوە و ئەمە جێگەی سەربەرزی و شانازییە و بەردەوامیش دەبێت".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەگەر بڕوابەخۆبوونی جووتیاران و ئەم گەلە نەبووایە، هەر چاومان لەوە بوو خەڵک بێت نانمان بداتێ. ئێستا کوردستان گەیشتووەتە ئاستێک، هیوامان وایە ببێتە سەبەتەی خۆراک نەک بۆ هەموو ناوچەکە".
 
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی پڕۆژەیەکی دیکەی حکومەتی کرد و وتی، ئەندازیارانی خۆماڵی دیزاینێکیان بۆ پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر کرد، "توانییان نەک بە 12 ساڵ، بە 12 مانگ گەورەترین پڕۆژە لەسەر ئاستی عێراق جێبەجێ بکەن و ئاو لە زێی گەورەوە بگەیێننە هەولێر. بەشی دووەمی پڕۆژەکەش دەکرێتەوە و هەموو دانیشتووانی هەولێر لێی سوودمەند دەبن".
 
لەبارەی رێگەوبانیش رایگەیاند، "بەشێکی دیکەی دەستکەوتەکانی ئەم حکومەتەیە، رێگەکان بە ئاستێکی نێودەوڵەتی دروستکراون. دروستکردنی رێگەی خێرا لەنێوان شارە گەورەکان و لەنێو شار و شارۆچکەکانیش کاری باش کراوە و هیوادارم هاووڵاتییان هەم سوودمەند بن و هەمیش پابەند بن بە رێنماییەکانی هاتووچۆ. ئەمە دەستکەوتێکی گرنگە و کۆتایی نەهاتووە و بەردەوام دەبین".


   ئەمانەش بخوێنەرەوە