ترەمپ: پێویستە حەماس پەلە بکات، ئەگەرنا هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە

2025-10-04  225 جار خوێنراوەتەوە

دۆناڵد ترەمپ پەیامێک بۆ حەماس دەنێرێت و دەڵێت، با پەلە بکات، "ئەگەر نا هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە."
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ترووس سۆشیال دەڵێت، "پێزانینم هەیە کە ئیسرائیل بۆمبارانکردنی بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە، بۆ ئەوەی دەرفەت بدات بە ئازادکردنی بارمتەکان و تەواوکردنی رێککەوتنی ئاشتی. پێویستە حەماس پەلە بکات، ئەگەرنا هەموو شتێک هەڵدەوەشێتەوە."
 
سەرۆکی ئەمریکا دەشڵێت، "هیچ دواخستنێکم قبووڵ نییە، کە زۆر کەس پێیانوایە روودەدات، هەروەها بەرگەی هیچ ئەنجامێکیش ناگرم کە تێیدا غەززە جارێکی دیکە ببێتەوە بە هەڕەشە. با ئەم کارە بە خێرایی بکەین. مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ هەموواندا دەکرێت."
 
رۆژی هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 بزووتنەوەی حەماس رازیبوونی مەرجداری خۆی بە پێشنیازە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا نیشاندا، کە ئامانج لێی کۆتاییهێنانە بە جەنگی کەرتی غەززە.
 
حەماس بە بەشێکی پێشنیازە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ رازیبوو و بەشێکیشی رەتدەکاتەوە. 
 
حەماس رازیبووە بە ئازادکردنی بارمتەکان،  رادەستکردنی بەڕێوەبردنی کەرتی غەززە بەڵام  داوای چەکدانان سەرپەرشتیی نێودەوڵەتی کەرتی غەززە رەتدەکاتەوە.
 
قسەکانی دۆناڵد ترەمپ لەکاتێکدایە، بەگوێرەی میدیای میسری، بەیانی یەکشەممە، گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆ لەنێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس لە قاهیرە دەکرێت. 
 
بەگوێرەی قاهیرە نیوز، لە گفتوگۆکە باس لە زەمینەسازی بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکان بە زیندانییە فەلەستینییەکان دەکرێت.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە