شەرع پشووە فەرمیەکانی سوریا دەستنیشان دەکات؛ نەورۆزی تێدا نییە

2025-10-05  385 جار خوێنراوەتەوە

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری قۆناغی راگوزەری سووریا گۆڕانکاری لە پشووە فەرمییەکانی وڵاتەکەیدا دەکات، پشووەکانی تایبەت بە دەسەڵاتی بەعس و ئەوانەی پەیوەندییان بە ململانێی دژی تورکیا و ئیسرائیلەوە هەیە لادەبات، رۆژانی سەرهەڵدانی دژی بەشار ئەسەد و رووخانی، دەکاتە پشوو، هەروەها جەژنە نەتەوەییەکان، لە نێویاندا نەورۆز، بە پشوو هەژمار ناکات.
 
بەگوێرەی بڕیارەکە، جەژنەکانی رەمەزان و قوربان، سەری ساڵی کۆچی، رۆژی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ)، سەری ساڵی زایینی، رۆژی کۆتاییهاتنی داگیرکاریی فەرەنسا بەسەر سووریا، جەژنی هەستانەوە و رۆژی کرێکاران پشوو دەبن، کە ئەمانە لە سەردەمی بەشار ئەسەدیش بە هەمان شێوە بوون. 
 
لە لیستی پشووەکاندا ناوی هیچ جەژنێکی کورد، دروز یان عەلەوییەکان نەهاتووە، بەڵام هاوشێوەی حکومەتی پێشوو، 21ی ئادار وەک پشووی جەژنی دایک دەستنیشانکراوە. 
 
دوو رۆژیش کە لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بە پشوو دانرابوون و پەیوەندییان بە ململانێی دژی تورکیا و ئیسرائیلەوە هەبوو، لە لیستی پشووەکان لابراون. لەوانە "جەژنی شەهیدان" کە هەموو ساڵێک لە 6ی ئایار بۆ یادکردنەوەی کوژراوانی دەستی جەمال پاشای عوسمانی، دەکرایە پشوو. 
 
هەروەها چیدیکە ساڵیادی جەنگی تشرین ناکرێتە پشوو، کە هەموو ساڵێک لە 6ی تشرینی یەکەم بۆ یادکردنەوەی جەنگی ساڵی 1973ی سووریا و میسر لە دژی ئیسرائیل وەک جەژنێک سەیر دەکرا. 
 
18ـی ئادار، کە لە ساڵی 2011 لەو رۆژەدا یەکەم خۆپێشاندەری دژی بەشار ئەسەد لە دەرعا کوژرا، کراوەتە پشووی فەرمی. 
 
رۆژی 8ی کانوونی یەکەمیش کە رۆژی رووخانی دەسەڵاتی ئەسەدە، وەک "جەژنی ئازادی" کراوەتە پشوو. 
 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە