حکومەتی سووریا و هەسەدە لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتن

2025-10-07  66 جار خوێنراوەتەوە

وەزیری بەرگریی سووریا رایگەیاند، "لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لەسەر راگرتنی شەڕ رێککەوتین."دەشڵێت، ئاگربەست دەستبەجێ دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. 
 
شاندێکی باڵای بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە گەیشتنە دیمەشق.
 
شاندەکە، بە سەرۆکایەتیی مەزڵووم عەبدییە و هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی دەستەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر و رۆژهەڵات عەفرین، فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) یاوەری دەکەن.
 
مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا دەڵێت، لە دیمەشق لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەتەوە و بڕیار لەسەر ئاگربەستێکی سەرتاسەری دراوە.
 
وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژە بەوە دەدات، راگرتنی شەڕ هەموو پێگە سەربازییەکان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا دەگرێتەوە. 

چی روویدا بوو؟
 
شەوی دووشەممە 06ـی ئۆکتۆبەری 2025، هێزەکانی ئاسایشی سەر بە حکومەتی کاتیی سووریا، رێگە سەرەکییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنیشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود)یان بە بەرزکردنەوەی خۆڵ بەربەست کرد و داخست.
 
دوای داخستنی رێگەکانی ئەو دوو گەڕەکە، کوردانی ناوچەکە رژانە شەقامەکان، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع سەرەتا بە گازی فرمێسکڕێژ هەوڵی بڵاوەپێکردنی خەڵکیاندا، بەڵام دواتر ئاڵۆزییەکان فراوان بوون و بە تەقە خەڵکیان ناچار کرد بگەڕێنەوە ماڵەکانیان.
 
هێزە چەکدارەکانی نێو ئەو دوو گەڕەکەی حەلەب کە پتر هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆن، وەڵامی هێرشەکانی حکومەتی سووریایان دایەوە و دوای ماوەیەک پێکدادان و بەکارهێنانی چەکی قورس، ئاگربەستیان راگەیاند.
 
"کەسێک کوژراوە و 50ـی دیکەش بریندار بوون"
 
دوای ئاڵۆزی و شەڕەکانی شەوی رابردوو لە گەڕە کوردنشینەکانی حەلەب، بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەیەک لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی شارەکە رایگەیاند، شەوی رابردوودا 50 کەس بریندار بوون و هاونیشتمانییەکی سڤیلیش گیانی لەدەستداوە.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە