گرتنەكەی عەجاج و هەندێ زانیاری نەبیسراو
لەتیف فاتیح فەرەج
01/08/2025
318 جار خوێنراوەتەوە
ئەمڕۆ ڕاگەیەنرا كە عەجاج گیراوە، پێرێ شەو هەواڵەكەیان پێدام و داوای ئەوەش كرا جارێ باس نەكرێت ، هەڵبەت چەند گەواهیدەرێكیش ڕۆژانی بەرێ چووبوون بینیبویان ، عەجاج لەم هەموو ساڵەدا چەندین شوێنی كردوەو نەشتەرگەری جوانكاریشی كردوە كە نەناسرێتەوە، ساڵی 2003 چەند میدیاكارێك عەجاجیان بینیبوو، گفت و گۆشیان لە گەڵ كردبوو ، بەڵام دواتر ئەو بابەتەیان شاردەوە و باس نەكرا ، من خۆم چەند جارێك داوای دیدارەكەم كرد پێم نەدرا تەنانەت داوای ئەوەم كرد وێنەیەكم بدرێتێ، ئەوەشیان بە بیانوی دیار نەبوونەوە پێنەدام .
لە ساڵانی ڕابردودا چەند جارێك هەواڵی مردنی بڵاوبوەوە، هەموو جارێكیش هەواڵەكە بە درۆ دەخرایەوە ، ئێمە تیمێك بووین لە ساڵی 2003 سۆراغی زۆری ئەومان كرد، بەڵام شتێكی ئەو تۆمان دەستنەكەوت ، عەجاج جەلادی هەرە دیاری نوگرە سەلمان بوو، قوربانیەكان هەمیشە لە گەڵ ناوی عەجاجدا ناوی سەگە ڕەشەكانی بیابانیشیان دەهێنا ، نزیكی دوو ساڵێك لەمەوبەر لەبەغدا بووم لای مزگەوتی شێخ عەبدولقادری گەیلانی ، ناسیاوێك یەكێك لە جاشە خوێنڕێژەكانی كوردستانی نیشاندام ، كە لەوێ خۆی وەك موسوڵمانێكی عەیارە بیست و چوار نیشاندەدا ، بە داخ بووم لەوەی كەماوە، لە گەڵ چەند دۆستێك باسی ئەوەم كرد كە نەدەبوو ئەو جەلادە لە ژیاندا بێت ، برادەرێك وتی تۆ چی دەڵێیت خۆ عەجاجیش لە ژیاندایەو كەسیش پێی ناڵێت پشتی چاوت برۆیە .
ئێستا كە عەجاج گیراوەو ڕۆژی ڕاگەیاندنی گرتنەكەی كەوتە ڕۆژی جینۆسایدی بارزانیەكانەوە، زۆر گرنگە دادگای بكرێت ، من پێرێ شەو بەو دۆستەم وت هەقە داوابكرێت بهێنرێتەوە بۆ كوردستان و لێرە دادگای بكرێت، وتی نەكەی لە ڕێی خودا پێشنیازی وانەكەیت ، نەبا وەك بەرزەكی بانان بۆی دەرچێت ، بیرم لە قسەكەی كردەوە كە یەك ئامر مەفرەزەو موستەشار دادگای نەكراو پارتی و یەكێتی تەنانەت پاكانەیان بۆ جەلادەكانی بەعس دەكرد وتم دیارە ئەو ئەو قسەیە لە خۆیەوە ناكات .
هیوادارم بەر لەوەی عەجاج تووشی هەر ڕٍوداوێك بێت هەموو ئەو زانیاریانەی لایەتی لێی وەربگیرێت ، بەتایبەت كوشتنی ئەو سەدان كەسەی قەڵای سەلمان ، كە من خۆم لیستێكم لایە هەموویان یەك هۆكار بۆ مردنەكەیان نوسراوە، ئەو لیستە ئەوانەن كە نەخۆشخانەی سەلمان ناوی نووسیون ، نەك ئەوانەی لەناو قەڵاكە مردون و هەر لەو دەورو بەرە خراونەتە نێو خۆڵی بیابانەوە .
|
هەموو وتارەکانی
لەتیف فاتیح فەرەج