لێبڕینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەستپێدەکات

2025-07-28  102 جار خوێنراوەتەوە

حکومەتی عێراق لێبڕینێک لەسەر مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و لە مانگی تەممووزەوە دەستپێدەکات. حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک لیستی مووچەی مانگی تەممووز دەنێرێت، بەپێی ئەو سیستمە ئامادەی دەکات.

بەپێی یاساکەی عێراق 10٪ـی مووچەی مووچەخۆران دەبڕێت، بڕیارەکەش لە ساڵی 2014 بۆ 2024ـە. قەرزی 10 ساڵی ئەو لێبڕینە کە ئێستا لەسەر مووچەخۆرانە، بە 36 مانگ وەردەگیرێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی ٧ڕۆژ، وەزارەتی دارایی عێراق بە هەرێمی کوردستانی راگەیاندووە، لێبڕینی 10٪ـی خانەنشینی جێبەجێ دەکات، بۆیە لیستی مووچەی مانگی تەممووز بەو میکانیزمە ئامادە دەکرێت.

بەپێی بڕیارەکەی عێراق بێت، هەموو مووچەخۆرێک 10٪ـی مووچەکەی دەبڕدرێت و قەرزی 10 ساڵی رابردووشی کە لەو لێبڕینە کەوتووەتە سەری لێی وەردەگیرێتەوە، ئەو قەرزە بە 36 مانگ لە مووچەخۆران وەردەگیرێتەوە کە بەپێی مووچەی بنەڕەتی لێبڕینەکە جیاواز دەبێت.

هەر بەپێی زانیارییەکان ئەو لێبڕینە هەموو مووچەخۆرانی شارستانی و سەربازی دەگرێتەوە، هەموو ئەو مووچانەش دەگرێتەوە کە لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی 2014 تاوەکو 2024 بەر لێبڕین و پاشەکەوت کەوتوون.

ئەو بڕیارە لە مووچەی مانگی حوزەیران جێبەجێ ناکرێت، بەڵام لە مووچەی مانگی تەممووز جێبەجێ دەبێت، واتە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەیەکی دیکەش بەبێ ئەو لێبڕینە وەردەگرن. 

هێشتا گفتوگۆکان بۆ مووچەی مانگی حوزەیران نەگەیشتوونەتە ئەنجام، دیاریش نییە کەی مووچەخۆران مووچەی ئەو مانگە وەردەگرن. بڕیاری ناردنی مووچە پەیوەستە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سۆمۆ و ناردنی 120 ملیار داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا. 


   ئەمانەش بخوێنەرەوە