پەرلەمانی کوردستان دەستەی سەرۆکایەتی هەڵدەبژێرێت
3 کاتژمێر پێش ئێستا
406 جار خوێنراوەتەوە
دوای دە مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارە مانگی 9 دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵبژێردێت.. پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاندووە "ستافی پەرلەمان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە و ئامادەیە بۆ دەست پێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان لە سەرەتای مانگی داهاتوو".
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات: "تەواوی دیوانی پەرلەمان ئامادەیە بۆ کۆبوونەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هاوهەڵوێستی لایەنەکانە بۆ ئەو کۆبوونەوەیەی باسی لێوەکراوە بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو".
هاوکات د. ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان رایگەیاند، "یەکەم کاری مانگی 9مان لە پەرلەمان هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی دەبێت، دەستەکەش هەمیشەیی دەبێت نەک کاتی."
ئەوەش لەکاتێکدایە دوای کۆبوونەوەی 14ـی ئەم مانگەی شاندی دانوستاندکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، لە راگەیێندراوێکدا بڵاویانکردەوە، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، "پێویستە هەوڵی چڕ و جدی بدرێت بۆ ئەوەی ئەیلوولی داهاتوو، خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار و چالاکیی ئاسایی و یاسایی خۆی بکات".
لە 20-10-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو؛ 2-12-2024، یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کرا و تاوەکو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی دیکە نەکراوە چاوەروان دەکرێت مانگی داهاتوو کۆبوونەوەکان دەست پێ بکاتەوە.
|