ژمارەی دەنگدەرانی هەرێم نزیکدەبێتەوە لە 4 ملیۆن دەنگدەر

2   کاتژمێر پێش ئێستا  12 جار خوێنراوەتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق ئاماری ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاودەکاتەوە و بەپێی ئامارەکە لەهەرێم ژمارەی دەنگدەران نزیکدەبێتەوە لە 4 ملیۆن دەنگدەر.

جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق، رایگەیاند: "ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق تا 4ی ئابی 2025، گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 883 هەزار و 501 دەنگدەر، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و 410 هەزار و 112 دەنگدەریان لەپارێزگای هەولێر و یەک ملیۆن و 532 هەزار و893  دەنگدەریان لەپارێزگای سلێمانی و 940 هەزار و 496 دەنگدەریشیان لەپارێزگای دهۆک-ن".

وتیشی: " تا ئێستا سێ ملیۆن و 70 هەزار و 839 دەنگدەر تۆماری بایۆمەترییان کردووە و 812 هەزار و 662 دەنگدەریش تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە، هاوکات 145 هەزار و 617 کەس بۆ یەکەمجار تۆماری بایۆمەترییان کردووە و 8 هەزار و 898 دەنگدەریش کە لە ساڵی 2007 لەدایکبوون خۆیان تۆمارکردووە و ژمارەی دەنگدەرانی زیادەش گەیشتووەتە 7 هەزار و 800 دەنگدەر".

دوای بەرێوەچوونی یەکەم تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان بەشێوەیەکی سەرکەوتوو، بڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان دووەم تاقیکردنەوە ئەنجامبدات.

وتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشکرد: کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادەکاری دەکات بۆ دووەم تاقیکردنەوەی ئامێرەکانی دەنگدان، ئەمەش دوای ئەوەی یەکەم تاقیکردنەوە بەشێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوەچوو".

ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی 9ی4ی2025 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بە زۆرینەی دەنگ، 11ـی 11ـی 2025ـی وەك ڕۆژی هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دیاریكرد.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە