عێراق ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت دەبێتەوە
2025-07-25
260 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم وشکەساڵییەی کە بەرۆکی عێراقی گرتووە، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی بارانبارین و کەمیی بەردانەوەی ئاو لەو وڵاتانەی کە سەرچاوەکانی ئاوی عێراقیان تێدا هەڵدەقوڵێت."
بەگوێرەی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، "لە ساڵی 1933ـوە، ئەم ساڵ وشکترینە."
وەزارەتەکە رایگەیاندووە، "ئاوی دیجلە و فورات بەراورد بە پار 27٪ دابەزیوە، ئەمە جگە لەوەی بەنداو و کۆگەکانی ئاو تەنیا 8٪ ئاویان تێدایە، کە بە بەراورد بە پار 57% کەمیکردووە."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەم کەمبوونەوەیە کاریگەریی زۆری لەسەر دەستەبەرکردنی ئاوی لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق و بەتایبەتی لە پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشوور هەبووە."
وەزارەتەکە هۆشداریشی داوە لەوەی، "بەردەوامی کەمکردنی ئاو و نەبوونی هاوکاریی لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە سەرچاوەی ئاوەکانی عێراقن، قەیرانەکە گەورەتر دەکات و مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاو لە عێراق دروست دەکات".
سائیر جبووری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو و زۆنگاوەکان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "زیادکردنی بەردانەوەی ئاو لە تورکیاوە تەنیا چەند رۆژێک بوو، بە پێچەوانەوە ئێستا رێژەی بەردانەوەی ئاو 5٪ لە ساڵانی پێشوو کەمتریش بووە."
وتیشی، "لە بەشێکی زۆری رێڕەوەکانی دیجلە و فوراتدا، بەبێ مەلەکردن، دەتوانی هەر بە پێ لە رووبارەکەدا بپەڕیتەوە."
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان لە راگەیێندراوەکەیدا داوا دەکات، "سەرجەم هەوڵەکان یەکبخرێن بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە، ئەوەش لە رێگەی پەیوەندی کردن بە وڵاتانی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، بۆ زیادکردنی بەردانەوەی ئاو، هەروەها هاوکاری وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو بکەن بۆ لادانی زێدەڕۆییەکان لەسەر رێڕەوە ئاوییەکان.
عێراق ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی کەمیی ئاو دەبێتەوە، چونکە زیاتر لە 70%ی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوەیە.
رووباری دیجلە لە باکووری کوردستان هەڵدەقوڵێت و دواتر دێتە نێو باشووری کوردستان و عێراقەوە، دواجار دەڕژێتە نێو شەتولعەرەب.
|