شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی خانەنشیان خەرج دەکرێت
2025-10-08
179 جار خوێنراوەتەوە
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سبەی چوارشەممە شایستەی شەش مانگی سەرجەم ئەو خانەنشینانە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبونیان بۆ دەرکراوە و تا ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتوە، دابەشدەكرێت. كە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بەپێی بڕیای ئەنجومەنی وەزیران و لەسەر فەرمانی وەزیری دارایی و ئابوری، سبەی چوارشەممە كە دەكاتە 8ـی (تشرینی یەكەم/11)، شایستەی شەش مانگی مۆڵەتی کۆکراوەی خانەنشینان دابەشدەكرت.
ئاماژەی بەوەشكرد، دابەشكردنەكە بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغە و سەرجەم ئەو خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڕیاری خانەنشینبونیان بۆ دەرکراوە و تا ئێستا ئەو شایستەیەیان وەرنەگرتوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، چەند جارێک بەنوسراوی فەرمی داوا لە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ کراوە، شایستەیەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی هاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیكەی عێراق خەرج بکات بەڵام تا ئێستا ڕەزامەندی لەسەر نەداوە، بۆیە بڕیاردرا لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
|