"ئارام قادر تەندروستی ناجێگیرەو ڕێگە نادرێت سەردانی بكرێت"

17   کاتژمێر پێش ئێستا  151 جار خوێنراوەتەوە

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئاگادار كراونەتەوە كە  باری تەندروستی ئارام قادر ناجێگیرە، چەند جارێك داوایانكردوە ڕێگەیان پێ بدرێت سەردانی ناوبراو بكەن، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکات.

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێم، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دوای ئەوەی کوڕێکی ئارام قادر سەردانی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی کرد و سکاڵای تۆمارکرد سەبارەت بە دەستگیرکردنی باوکی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیەوە، لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوەکرد کە باری تەندروستی باوکی ناجێگیرەو داواشی کرد ڕێگە بەپارێزەرەکەی بدرێت سەردانی ناوبراو بکات بۆ وەرگرتنی پەنجە مۆری بۆ مەبەستی ئەنجامدانی ڕێڕەوی یاسایی کەیسەکەی.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەو مەبەستە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ نوسراوی فەرمی  ئاراستەی هێزێکی ئەمنی لە سلێمانی کرد کە ئاسانکاری و هاوکاریان بکرێ. دوای ئەوەش دەستەكە بەفەرمی چەندین جار داوای لە هێزە ئەمنییەکان کرد کە ڕێگە بدەن دەستە سەردانی بکات بۆ ئاگاداربون لەڕەوشی تەندروستی و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵیان لەڕوی مافی مرۆڤەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ڕێگەیان نەداوە شاندی دەستە سەردانی ئارام قادر بکەن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "ئێمە  بۆ ڕای گشتی ڕایدەگەیەنین کە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەپێی یاسا، مافی بەدوا داچونی هەیە بۆ سەردانیکردنی چاکسازیەکان و بەندیخانەکان و بەدواداچونی ڕەوشی مافی مرۆڤ بەگشتی لەهەرێمی کوردستان. هەر لەو چوارچێوەیەدا دەستە بەئەرکی خۆی و بەپێویستی دەزانێت سەردانی ناوبراو بکات و ئاگاداری دۆسیەی ناوبراو و ڕەوشی ژیانی ناوبرا بێت لە چوارچێوەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

ئەوەشیخستەڕو، ڕێگریکردن لە دەستە بە مەبەستی سەردانیکردنی شاندەكەی بۆ لای ناوبراو پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا کارپێکراوەکانە و کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر دۆسیەکەی ناوبراو و ناوبانگی هەرێمی کوردستان و ڕەوشی مافی زیندانیان بەگشتی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی دەستەی مافی مرۆڤی هەرێم، داوا دەکەن هەرچی زوە هێزە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی کاتێک دیاری بکەن بۆ سەردانیکردنی تیمی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ وە پارێزەر بۆلای ناوبراو.


   ئەمانەش بخوێنەرەوە