تەیف سامی سەبارەت بە خانەنشینان هەرێم ئاگادار دەکاتەوە
2025-07-25
1190 جار خوێنراوەتەوە
وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی دەستەی گشتیی خانەنشینی عێراق ئاراستەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی کوردستان کردووە كە تایبەتە بە خانەنشینبوونی دادوەران و داواکارانی گشتی.
ئەمڕۆ، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێكی دەستەی گشتیی خانەنشینی عێراق ئاراستەی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێم کردووە کە تایبەتە بە پرسی خانەنشینیی دادوەران و داواکارانی گشتی لە هەرێم، داوادەکات جێبەجێبکرێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، بە پێی یاسای یەکگرتووی خانەنشینیی عێراق کە لە ساڵی ٢٠١٤ـدا دەرکراوە، سەرجەم ئەو دەقە یاساییانەی تر هەڵدەوەشێننەوە کە تایبەتن بە تەمەنی یاسایی خانەنشینبوونی فەرمانبەران، بەڵام یاساکانی تایبەت بە دەسەڵاتی دادوەری لێی بەدەرکراوەوە.
بەپێی نووسراوەکە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە هەژمارکردنی مووچەی خانەنشینیی دادوەر و داواکاری گشتی، پشت بە یاسای یەکگرتووی خانەنشینیی دەبەسترێت، کە دەبێتە ٨٠٪ـی کۆی مووچە و دەرماڵەکانیان، بە مەرجێک دەرماڵەکانیان لە ١٥٠٪ ـی مووچەی بنەڕەتییان زیاتر نەبێت، بۆ ئەمەش دەبێت ئەو مەرجانەیان تێدابێت، بۆ ئەوەی بە ٨٠٪ـی کۆی مووچە و دەرماڵەکانیان خانەنشین بکرێن.
|