عەرەبەکانى کەرکوک داواى روونکردنەوە لە یەکێتى دەکەن
15 کاتژمێر پێش ئێستا
52 جار خوێنراوەتەوە
کەمتر لە چوار مانگ لە کۆتایی هاتنى رێککەوتنى تایبەت بە دابەشکردنى پۆستەکانى کەرکوک ماوە، عەرەبەکانیش داواى رونکردنەوە لە یەکێتى نیشتمانى کوردستان دەکەن لەسەر لێدوانی ئەندامێکی ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لەپشکی یەکێتیی کە وتبووی حزبەکەى پۆستى پارێزگار رادەست ناکات و ڕێککەوتنی دووساڵ بە دووساڵ بوونی نییە.
محەمەد عەلی تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، بە نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاندووە، هیچ پرەنسیپێکی ئاڵوگۆڕی پۆست لە کەرکوک نییە".
محەمەد عەلی تەمیم دووپاتی کردەوە "بەڵگەنامەی ڕێککەوتنە واژۆکراوەکە ئەمەی دیاریکردووە، دڵنیام کە ئەندامەکەی ئەنجومەنی پارێزگا، یان ئەم بەڵگەنامەیەی نەبینیوە، یان خۆی لە ڕاستییەکان دەدزێتەوە".
وەزیری پلاندانانی عێراق، جەختیشی کردەوە "رێککەوتنەکە لەلایەن بافل تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتییەوە واژۆ کراوە، کە تیایدا ئاڵوگۆڕی پۆستە سەرەکییەکان لە نێوان پێکهاتەکانی کەرکوکدا دیاریکراوە، بەپێی ڕێککەوتنەکە ماوەی ڕێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، لە شەوی 31ی کانوونی یەکەمی 2025 کۆتایی دێت".
رۆژی 15ی ئابی 2024 رێبوار تەها لە پشکى یەکێتى وەک پارێزگاری کەرکوک دەستبەکاربوو. سەرەڕای بایکۆتی تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند ئەندامێکى عەرەبی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک.
هەڵبژاردنی پارێزگاری کەرکوک دوای ئەوە هات کە نۆ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک (پێنج لە یەکێتی و سێ عەرەب و یەک مەسیحی) لە هۆتێل ڕەشید لە بەغداد کۆبوونەوە و لەسەر پێکهێنانى ئیدارەى خۆجێى و دیاریکردنى پارێزگار رێککەوتن.
|